
زۆر لە توێژینەوە زانستییەکان دەریان خستووە
کە رێژەى پیس بوونى ژینگە زۆر خێرایە و بە شێوەیەکى مەترسیدار بەکارهێنانى ماددە و
کەل وپەلی کیمیایى جۆراو جۆر بڵاوبۆتەوە، بۆ نموونە لە چرکەیەکدا یەک ملیۆن کیسى پلاستیکى
جۆراوجۆر فڕێ دەدرێتە ژینگەوە، ساڵى ملیۆنەها تەن تایە و ئامێرى ترى ى لەکارکەوتوو
بە ژینگەدا بڵاودەکرێتەوە ، ئاسەوارى ماددەى مێروو کوژى کشتووکاڵى و ماددە ئەندامییە
فۆسفۆڕیى و کانزاى قورس و هالۆجینەکان و ماددەى ترى مەترسیدار لە ئاوى خواردنەوەدا
و لە تانکى ئاوى ماڵان و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان دا بە بڕى کەم بەدى کراوە و هەروەها
ئاسەواری ئەم ماددانە بە بەرووبوومە کشتووکاڵییەکانەوە دەمێنێت و بە رێگەیەک لە رێگەکان
دەگاتە لەشى مرۆڤ و کاریگەریى زۆر خراپ درووست دەکات لە ماوەیەکى دووردا.
یەکێک لە مەترسییەکان بریتییە لە کانزا قورسەکان
یان توخمە قورسەکان :
توخمە قورسەکان ئەو توخمانەن کە کێشى جۆرییان
پێنج جار لە کێشى جۆرى ئاو زیاترە، بۆ نموونە کێشى جۆرى ئاو 1گرام /سم3 بەڵام هى ئاسن
7.9 گرام /سم3. هى قوڕقوشم 11.34گرام /سم3 هی زەڕنیخ 5.7 گرام /سم3 هى کادمیۆم
8.65 گرام /سم3 و کێشى جۆرى جیوە 13.6 گرام / سم3
سی و پێنج توخم هەن لە سرووشتدا زۆر مەترسییان
لێ دەکرێت چونکە بەریان دەکەوین، لە ناو مالڕ دا یان لە شوێنى کارەکانمان، بیست و سێ
لەو توخمانە، توخمى قورسن بۆ نموونە وەکو ئەنتیمۆن و زەڕنیخ و بزمۆس و کادمیۆم و سیریۆم
و کرۆم و کۆباڵت و مس و گالیۆم و ئاسن و قوڕقوشم و مەنگەنیز و جیوە و نیکل و پلاتین
و زێڕ ز زیو و تیلیریۆم و تالیۆم و تووتیا و یۆرانیۆم و ڤەنادیۆم و تەنەکە. ئەم توخمانە
بڕێکى زۆر کەمیان پێویستن بۆ زیندەچالاکییەکانى لەشى مرۆڤ. بەڵام بڕێکى زیاتر دەبێتە
هۆى ژەهراوى بوونێکى تیژ یان درێژخایەن. رەنگە کارێکى زۆر خراپ بکەن لە فرمانى کۆئەندامى
دەمار و تێکى بدەن یان تواناى ناوەندە کۆئەندام دابەزێنن. لەش بێهێز دەکەن و زیان دەگەیەنن
بە پێکهاتەکانى خوێن و سییەکان و گورچیلە و جگەر و ئەندامە هەستیارەکانى تر. بەرکەوتن
بۆ ماوەیەکى درێژ دەبێتە هۆى پێگەیشتنى ئەو هۆکارانەى کە دەبنە هۆى نەخۆشى زەهایمەر
و پارکنسن و پووکانەوەى ماسوولکەکان و رەق بوون و گرژبوونى بەردەوام، هەروەها بەرکەوتنى
بەردەوامى ئەم توخمانە و ئاوێتەکانیان بۆ ماوەى درێژ دەبێتە هۆى نەخۆشى شێرپەنجە.
کانزا قورسەکان : زۆر مەترسیدارن و بڕى ئەم
توخمانە لەئاودا بەندە لەسەر کاتى خایەنراوى تێپەڕبوون یان مانەوەى
ئاوەکەو پلەى گەرمى و ترشێتى. ئەم توخمانە
لەش ژەهراویى دەکەن بەهۆى لەکارخستنى ئەنزیمى ناو خانەکان ئەویش چونکە زۆر ێک ئەنزیم
پشت بە هەندێ کانزا دەبەستێ لە کارکردندا، وەکو کانزاى سیلینیۆم و زینک و مەگنسیۆم،
بەڵام ئەم توخمە قورسانە، کاتێک دەچنە لەشەوە ، جێگەى ئەو کانزایانە دەگرنەوە کە لە
پێکهاتەى ئەنزیمەکان دا هەن و و فڕێیان دەدەنە دەرەوەى پێکهاتەى ئەنزیمەکە و خۆیان
دەبەسترێنەوە بە ئەنزیم و هۆڕمۆنەکانەوە لەکاریان دەخەن و کاری خراپ دەکەنە سەر دەمارەکان
و پڕۆسەى هەرسکردن و زیندەچالاکییەکانى ناو خانە و سیستەمى بەرگریى لە هەمووى خراپتر
ئەم توخمە قورسانە لە مێشکدا کۆدەبنەوە و ناهێڵن مێشک بە کارو فرما نەکانى سرووشتى
خۆى هەڵبستێ و منداڵ تووشى نەخۆشى ئۆتیزم دەکەن و تواناى فێربوون زۆر کەم دەکەنەوە.
وەکو قوڕقوشم و جیوە و کادمیۆم و زەڕنیخ کە زۆر مەترسیدارن بۆ لەشى مرۆڤ و هەر توخمێک
لەم توخمە قورسانە جۆرەها کێشەى تەندرووستى درووست دەکەن بۆ لەشى مرۆڤ. بۆ نموونە قوڕقوشم
کە لە ناوچەى خۆمان بڕێکى زیاد لە ئاودا هەیە، ئەم تووخمە قورسە لە موولوولە میکرۆسکۆبیە
ووردەکانى مێشک دا کۆدەبنەوە و و دەبنە هۆى کەم بوونەوەى تواناى عەقڵى و بیرکردنەوە
و کەمکردنەوەى تواناى تۆمارکردنى زانیارى و لەدەست دانى یادەوەریى و خوێن بەربوونى
مێشک و ئیفلیجى. هەروەها ئەم توخمە قورسە لە پەنکریاس و جگەر و گورچیلە دا کۆدەبنەوە
و دەبنە هۆى نەخۆشى مەترسیدارى جۆراوجۆر کانزا قورسەکان زۆر مەترسیدارن چونکە بە تێپەڕبوونى
کات لەلەشى مرۆڤ دا کۆدەبنەوە و رێژەکەیان زۆر دەبێت ،زۆرتر لەو بڕە ى کە پێویستە بۆ
بەکارهێنانى لە زیندە چالاکییەکانى لەشى مرۆڤـ کە بە زمانى ئینگلیزیى بەم جۆرە کۆبوونەوەیە
دەڵێن bio
accumulation . پێویستى لەش بەم کانزایانە بۆ بەجێهێنانى هەندێ لە کارو فرمانەکانى
زۆر زۆر کەمە، کانزا قورسەکان لەخاک و پاشماوەى پیشەسازییەوە دەچنە نا و ئاوەوە ئەمەش
بەهۆى دەرهاویشتە و هەڵوەرین و داخورانى پارچە و کەرەستە پیشەسازییەکان بۆ نموونە وەکو
پاترى و تایە و، هەروەها بە هۆى ترشە بارانەوە کە لەگەڵ پێکهاتەى خاک دا کارلێک دەکات
و کانزاکان ئاوێتەى جۆراو جۆر درووست دەکەن و لەگەڵ ئاوى باران دا دەگوێزرێنەوە و دەگەنە
جۆگە و چەم و رووبار و ئاوى ژێر زەوى و دەریاچەکان. بەشێوەیەکى گشتى بڕێکى زۆر لە تووخمە
قورسەکان و ئاوێتەکانیان لە
ئاوى بیر دا هەیە بەتایبەتى بیرى قووڵ.