ئەو گرفتانەی تووشی ژینگە دەبن

Sunday, September 9, 2012 | comments


گرنگترین ئەو گرفتانەی کە توشی ژینگە دەبن

1- گەرمبوونى گۆى زەوى:
بەکارهێنانى سووتەمەنییە فلزییەکان کە دەبنە هۆى دروستبوونى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن و گازەکانى دیکە، فراوانبوون و کەڵەکەبوونى ئەم گازانە زیاتر لەناو چوارچێوەى گۆى زەویدا دەبێتەى هۆى ئەوەى کە بەشێکى گەورەى چینەکانى زەوى داگیربکات وەکو پەردەیەکى پلاستیکى لە دەورى گۆى زەویدا، لەدوایدا ئەم پەردەیە ناهێڵێت تیشکەکانى خۆر بەئاسانى بگەنە سەرڕووى زەوى و پەخش و بڵاوببنەوە، بۆیە ئەوپەردەیە ئەوتیشکانە رادەگرێت و دەبێتە هۆى ئەوەى، کە ئەو گەرمایە لە ئاستێکى تاڕادیەک نزیک لە زەوى رادەگیرێت و هەوا گەرم بێت و پاشان راستەوخۆ کاردەکاتە سەر رادەى باران و گەرمى و شێوەى ئاووهەوا. لەئەنجامى دەرکەوتنى ئەم حاڵەتە ژینگەییە بە هەڵسەنگاندن و بۆچوونى زانایان پلەى گەرمى گۆى زەوى لەم سەدەیەدا لەنێوان((5،30 تاکو 8،0))پلەى سانتیگرام زیادى کردووە، ئەم رێژەیە وادەکات کە دەرئەنجامەکەى لەماوەیەکى کورتدا دەبێتە هۆى گۆڕانى ئاووهەواى خێرا لە چەند ناوچەیەکدا کە هەندێک لەو ناوچانە وشکەساڵى و گەرما کاریان تێدەکات، هەندێکى دیکەشیان لافاوو باوبۆران دەیانگرێتەوە. لەلایەکى تریشەوە زیاتر فراوانبوونى توانەوەى ناوچە بەستەڵەک و شاخە بەفرینەکان بەهۆى شەپۆلى گەرماوە دەبێتەهۆى بەرزبوونەوەى رێژەى ئاو لەو ناوچانەدا، بەهۆى ئەمەوە چەندین ناوچە دەکەوێتە ژێر ئاوە وە.
لەساڵى(( 1992))لە دانیشتنەکاندا لەسەر کێشەکانى گەرم بوونى زەوى بۆ یەکەم جار لەبەرازیل لە(ریۆد جانیۆرى) زیاتر لە((150)) وڵات لەناو چوارچێوەى ئەودانیشتنەدا پرۆتۆکۆڵێکیان مۆرکرد و لەساڵى((1997))دا ئەو وڵاتانە گەیشتنە(160) وڵات لە یابان، بۆ رووبەڕووبوونەوەى کەمکردنەوەى ئەو گازانەى کە دەبنە هۆى گەرمبوونى زەوى.


2-تەنگ بونى چینى ئۆزۆن:
  دووەمین ترس کە ئەمڕۆ ڕوویکردووەتە جیهان و ژینگە لە وڵاتانى دنیادا، زیان کەوتنە لە چینى ئۆزۆن، چینێکە بۆ پاریزگاریکردنى گۆى زەوى.
چینى ئۆزۆن: ئەوچینەیە کە نزیکەى ((24))کم لەسەرووى رووى ئاستى ژیانى دنیاوەیە ئەو چینە تیشکەکانى سەرووى بنەوشەى خۆر دەگرێت و ناهێڵێت بێنە سەررووى زەوى لە کاتێکدا ئەو تیشکە دەبێتە هۆى لەناوچوونى گیاندارەکان. بەهۆى لێکۆڵینەوەى زانایان تێکەڵەى گازى(کلۆرو فلۆئور کرین  (C F C کە لە پشەسازى کورە ئەتۆمییەکان و کاریگەرى کارگە ئیسفنجییەکان، ئەو کارگانەى کە گازە ژەهراوییەکانیان هەیە ئەمانە هەموو کاریگەری زۆریان لەسەر تێکدانى زەوى و تەنگکردنەوەى چینى ئۆزۆن هەیە، تەنانەت بوونەتە هۆى باریک بوون و درزبوونى ئەو چینە.
فراوانبوونى ئەو درزە لە کۆتایى ساڵەکانى(( 1985 )) بووە هۆى جێگەى نیگەرانى زۆربەى وڵاتانى جیهان، دەرئەنجام بووە هۆى ئەوەى چەندین پرۆتۆکۆل لەو بوارەدا لە نێوان وڵاتانى دنیادا مۆربکرێن بۆ کەمکردنەوەى ئەم گازانە و رێگرتن لەو کارەساتە وەکو کۆمیسیۆنى ڤینا ساڵى(( 1985)) پرۆتۆکۆلى مۆنترالى(( 1987)) و کۆنفراسى(( 1990)) لەندەن ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى کە هەوڵ بدەن بەکارهێنانى ئەو کارگە و سووتەمەنیانە کەم بکەنەوە دەبێتە هۆى باریکبوونەوەى ئەو پەردەیە.


3-کەم بوونەوەى ئاوى شیرین:
  هەرچەندە سەرچاوەى ئاو و گەنجینەکانى لە دێر زەمانەوە سەرچاوەیەکى زۆر و شایەنى مانەوەبوون، بەڵام ڕاستییەکەى ئەوەیە، کە ئەم سەرچاوە و گەنجینانە لە ئاستى جیهانیدا بوونەتە جێگەى ترس و نیگەرانى زیاتر لە((40% ))ی وڵاتانى دنیا بەهۆى زۆرى دنیشتوان و فراوانبوونى کشتوکاڵى ئاودێرى، پیسبوونى سەرچاوە ئاوییەکانى ژێر زەوى، بەکارهێنانى رێژەیى زۆریى ئاو بۆ سوود وەرگرتن لێى بۆ پیشەسازییەکان. پێویستییەکان بۆ ئاو هەموو ساڵێک نزیکەى لە((3،1 % )) زۆردەبن. بانکى جیهانى بۆ دیاریکردنى چارەسەر بۆ نەهێشتنى ئەم کێشەیە تاکو پێش ساڵى(( 2005)) نزیکەى ((600 ))ملیارد دۆلار لە ئاستى جیهاندا تەرخانکرابوو بۆ ئاوى شیرین و رووبەڕووبوونەوەى وشکەساڵى.
دەسەڵات بەسەر سەرچاوە ئاوییەکان یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانى ئەمڕۆى جیهان، بوونى ئاو وەکو سەرچاوەیەکى سروشتىء تیپەڕین و رۆیشتنى بەناو سنوورەکاندا بۆتە هۆى پێکهێنانى رێککەوتننامە و ئاڵۆزى نێوان وڵاتان. بۆنمونە: رووبارى راین لە ئەوروپا، رووبارەکانى ئامودریا و سیریدریا لە ناوەڕاستى ئاسیا رووبارەکانى گنگ سند لەئاسیاى باشوور و رۆژهەڵاتدا ئەمانە هەموو گرفتى گەورەیان دروستکردووە لە نێوان وڵاتانى هاوسنووردا یان رووبارى فورات، کە بەردەوام تورکیا وەکو چەکێک بەکارى دەهێنآ دژى دراوسێکانى.


4-کەمبوونەوەى خاکى بەپیت یان نەمانى خاکى ئۆرگانى:
  ڕووبەرى زەوى وشک نزیکەى(( 413)) ملیارد هیکتارە، ئەڵبەتە هەموو ئەو ئەندازەیە بۆ بەکارهێنان و سوود وەرگرتن ناشێت تەنیا(( 22%)) ئەو خاکە بۆ بەکارهێنانى کشتوکاڵ دەشێت، بەڵام باسەکە لێرەدایە، کە خاکى باش و بەپیت و بە بەرەکەت رۆژ بەڕۆژ لەجیهاندا بەرەو نابودى دەڕوات، دەرەئەنجامە زانستییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە (( 10% تاکو11 % )) خاکى دنیا بەرەو خراپبوون و بێکەڵک بوون دەڕوات جارێکى تر زیندووکردنەوەى مادە ئۆرگانییەکانى ئەو خاکە کارێکى ئەستەمە ڕێژەى خاکى((23 )) وڵاتانى تازە پێگەیشتوو ئاسیاو ئەفریقا بە تەواویى بەرەو خراپ بوون چووە. لەسەر بنەماى لێکۆلینەوە لە وێرانکردن و نابودکردنى جەنگەڵستانەکان، بەهۆى ئەو رەوشە کۆنەى کشتوکاڵ کردنى کۆن ئاودێرى نازانستى و بەکارهێنانى نازانستى مادە کیمیاوییەکان و لەوەڕاندنى بێ سەروبەرى مەڕو ماڵات و راماڵینى خاک هۆکارى بنەڕەتى نابودى خاکن لەو ناوچانەدا.


5-پیسبوونى هەوا و بارانى ئەسیدى:
  ئەمڕۆ بارانە ئەسیدییەکان یەکێکە لە گرفتەکانى پیسبوونى هەوا، گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن و گۆگرد و ئۆکسیدى نایترۆجین دەرئەنجامى ئەو سووتەمەنیانەى، کە کارگە مەعەدەنییەکانن، کە کەڵەکەبوون لەگەڵ هەڵمى هەوادا تێکەڵ دەبن و پاشان مادەى((ئەسیدى و سۆلفریک و ئەسیدى ترشیک دروست دەکەن))پاشان تێکەڵ دەبێت لەگەڵ هەورەکاندا، لەکاتى باران باریندا ئەو بارانە دەبارێتە سەر زەوى ئەو مادەیە دەکەوێتە سەر ناوچە جەنگەڵییەکان و دەشتە فراوان و گژوگیاکان و تێکەڵ بە ئاوە پاکەکان و دەریاکان دەبێت بۆ نمونە (( 25%)) جەنگەڵەکانى ئەوروپا بەهۆى باران بارینى ئەسیدییەوە تووشى فەوتان و لەناوچوون بوونەتەوە، سەیر لەوەدایە، کە جوڵەى هەوا لەسەرووى چینە بەرزەکانى ئاسماندا بە شیوازێکە کە لەچەقى باکوورەوە دەست بەجوڵە دەکات.
لەکۆتایدا دەتوانین ئەوە بڵێین، کە پیسبوونى ژینگە لەوڵاتانى باشووردا زیاترە وەک لە وڵاتانى باکوور بەهۆى ئاراستەى(( با))کەوە.


6-کێشەى زباڵە ژەهراوییەکان:
  لە ئەنجامى چالاکییەکانى پیشەسازىدا ئەندازەیەکى زۆر لە زباڵەى ژەهراوى دروست دەبیت، کە زۆربەى لە کاتى شاردنەوەى دەبێتە هۆى گواستنەوەى ئەو پیسییە بۆ ژینگە. کانزا ژەهراوییەکان وەکو فافۆن و مس و جیوە...هتد، ئەوانە هەموو بۆ ژینگە و ژیانى گیاندارەکان هەموو بەزیانن، چالاکییەکانى وەک دۆزینەوەکان، دەرهێنانى کانزاکان، سەرەکیترین و سەرەتاترین هۆکارى دروست بوونى پاشەڕۆ کانزا ژەهراوییەکانن. کە بەداخەوە زۆربەى بە شێوەیەکى بێ بنەمای نایاسایی فڕێ دەدەرێن و دەشاردرێنەوە ئاڵوگۆر و گواستنەوەى مادە ژەهراوییە ترسناکەکان و شاردنەوەى ئەو مادانە بەشێوەیەکى خراپ یەکێکە لە گەورەترین گرفتەکانى ژینگە لە ئەمڕۆى جیهاندا بەتایبەت بۆ وڵاتانى پێشکەوتوو، بۆیە دەبینین بەردەوام هەوڵدەدەن وڵاتانى دواکەوتوو بەکاربهێنن بۆ شاردنەوەى پاشماوەکان.


7-بڕینى جەنگەڵەکان و لەناوبردنى دار و درەختە جۆراجۆرەکان:
  درەختەکان بە بەشێک لە سەرچاوە نوێبوونەوەکان دادەنرین. بەڵام مرۆڤ بەدرێژاى مێژوو زۆرێک لە جەنگەڵەکان و درەختەکانیان تا بە شێوەیەکى بآ بەزیانە ئەوپەڕى تواناى دارە جۆربەجۆرەکان و جەنگەڵەکانیان بەرەو نابودى و لەناوچوون بردووە.
زۆرێک لەجەنگەڵەکانى نیوە گۆى باکوورى زەوى تووشى لەناوچوون و خراپبوون هاتوون. هەرچەندە سەرچاوە درەختییەکان بەسەرچاوە گەڕۆکییەکان و تەواوبووەکان ناژمیردرێت، بەڵام خراپ بەکارهێنانیان و بەردەوام لەناوبردنیان بەخێرایی جەنگەڵستانەکان و درەختەکان دەتوانرێت گەلێک کاریگەر و جێکەوتى خراپى جیۆپۆلەتیکى بەشۆین خۆیدا بهێنێتەدى وەکو:
  1. . نەمانى گژوگیاکان و دارو درەختە جەنگەڵییەکان، کە دەبێتە هۆى راماڵینى خێراى خاک و پیسبوونى رووبار و سەرچاوە ئاوییەکان
  2. دەبێتە هۆى زۆربوونى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن و کەمبوونەوەى ئۆکسیجین و زیاتر گەرمبوونى زەوى.


  3. زیانێکى گەورە و 


    ترسناک بەر هەمەچەشنى زیندەگى لە جیهان دەکەوێ 



    واتە کۆمەڵە جۆربەجۆرەکانى گژوگیا، گیاندارەکان میکرۆبەکان، هەموو مادە ئۆرگانییەکان و هەموو

     سەرچاوە ئارکۆلۆژییەکان، بێگومان دەتوانرێت بانگەشەى ئەوە بکرێت کە هەموو کێشەکانى ژینگەین ئەمڕۆ لە جیهاندا دەستى مرۆڤ و رۆڵى مرۆڤى تێدایە بەشیوەیەکى هەڕەشە بۆ جۆراوجۆرى زیندەوەرەکان دێتە هەژماردن لەئایندەدا، لە ماوەى سەد ساڵى رابردوودا بەهۆى لەناوبردنى(( 1622)) جۆر گژوگیا و گیاندار، کە زانایان و شارەزایان بەڵگەیان ئەوەیە، کە ساڵانە وەچەکانى گیاو گیانداران بەرەو نەمان دەچن و هێشتا زۆریشیان مرۆڤ دەرینەخستون


Share this article :